image

پەیامی کورد    ...   مەسروور بارزانی: بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە ماف و شایستە دەستوورییەكانی تێدا پارێزراوبێت لە گفتوگۆكان بەردەوام دەبین

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/30، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە لەگەڵ شاندی دانووستانکار لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، تیشکی خستە سەر سەردانی هەفتەی ڕابردووی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت. گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان داکۆکی و پێداگریی لە مافە ڕەواکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەکات و هەرگیز سازشیان لەسەر ناکات.

هەفتەی رابردوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی كرد و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی گرینگی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق و موستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام دا.