image


پەیامی کورد … مەسروور بارزانی بۆ فرانس٢٤: داعش ئێستاش گەورەترین مەترسییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهانیش

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فرانس24) باس لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەکات و رایگەیاند: "پێویستە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەین بۆ ئەوەی لایەنی بەرپرسیار دەستنیشان بکرێت، پێشڤەچوونی باشیش هەبووە لە لێکۆڵینەوەکان، بەڵام وا باشترە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان بکەین تا ئەو کاتەی ئەنجامەکانی دەخرێتە بەردەستی ڕای گشتی".

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

فرانس24: لە 15ی شوبات هێرشێک کرایە سەر هەولێر و دوو کەسی کوشت و چەند کەسێکی دیکەی بریندار کرد، ئێوە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییتان ئەنجام داوە، کێ لە پشت ئەم هێرشەوەیە بەڕێز سەرۆک وەزیران؟

 

مەسرور بارزانی: هەر وەک باستان کرد هێرشک بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و چەند گەڕەکێکی هەولێر ئەنجام درا، کە بووە هۆی کوشتنی دوو کەس، یەکێکیان بەڵێندەرێک لە ناو فڕۆکەخانە و ئەوەی دیکە هاووڵاتییەک لە ناو شار، حەو کەسیش برایندار بوون، لێکۆڵینەوە دوابەدوای هێرشەکە دەستی پێکرد، هەندێک ئاماژە بەدەست هاتوون کە دەریدەخات ئەولایەنی ئەگەری ئەوەی هەیە لە پشت هێرشەکەوە بووبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لێکۆڵینەوەکە هێشتا بەردەوامە، حەز دەکەم چاوەڕێی بکەین تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکە کۆتایی دێت و ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن، تا ئێستا کۆتایی نەهاتووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی بوو بۆ ناسەقامگیرکردنی هەرێمی کوردستان، هیوادارم بەمزووانە ئەم زانیاریانە ئاشکرا بکرێن، بەڵام لە ئێستادا چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین.

 

فرانس24: بەرپرسیارییەتی هێرشەکە لەلایەن گرووپێکی بچووکەوە گرا ئەستۆ، ئایا ئەمە ڕاستە یان ئەم گرووپەش بەشێکە لە حەشدی شەعبی کە دەگوترێت لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت؟

 

مەسرور بارزانی: لێدوانی زۆر هەبوون دوای هێرشەکە، هەندێکیان بەرپرسیارییەتیان گرتە ئەستۆ، بەڵام ئێمە ناتوانین پشت بەم لێدوان و بەیاننامانە ببەستین، پێویستە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەین بۆ ئەوەی لایەنی بەرپرسیار دەستنیشان بکرێت، هەروەک باسیشم کرد، پێشڤەچوونی باش هەبووە لە لێکۆڵینەوەکان، بەڵام وا باشترە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان بکەین تا ئەو کاتەی ئەنجامەکانی دەخرێتە بەردەستی ڕای گشتی.

 

فرانس24: حکوومەتی ئەمریکا دەڵێت لە تۆڵەی هێرشەکەی هەولێر و دوو هێرشی دیکە بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق، بۆمبارانی چەند ئامانجێکیان لە سنوور نێوان سوریا و عێراق کردووە، دەڵێت هێرشکە بۆ کەتائیب حیزبوڵا و کەتائیب سەید الشوهەدا کراوە کە سەر بە حەشدی شەعبین، وەزیری بەرگری دەڵێت ئەوانەیان کردووەتە ئامانج کە دەستیان لە هێرشەکان هەبووە، کەواتا وا دیارە کە ئەمریکا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەنجامدەرانی هێرشەکان داوە، ئێوا هاوڕان لەگەڵیان؟

 

مەسرور بارزانی: ئەمریکا ئەم هێرشەی بە پشتبەستن بە بەڵگەی باوەڕپێکراو ئەنجام داوە، بەڵام ئەگەر پێویست بێت من لایەنێک سەرکۆنە بکەم، ئەوا پێم باشە چاوەڕێ بکەم تا لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان دێت و ئەنجامدەران دەستبەسەر دەکرێن و ئەو کات گونجاوتر بۆ ئەوەی ئاشکرا بکرێت کێ لە پشتی هێرشەکەوە بووە و ناوی ئەو گرووپە بهێنرێت کە هێرشەکەی ئەنجام داوە، من لە ئێستادا ناتوانم ناوی هیچ گرووپێک بهێنم.

 

فرانس24: ئێوە ئۆپەڕاسیۆنە ئەمریکییەکە پەسەند دەکەن؟

 

مەسرور بارزانی: ئێمە هەر هەوڵێک پەسەند دەکەین کە بۆ وەستاندنی ناسەقامگیرکردنی عێڕاق، و بە تایبەتیش هەرێمی کوردستان بێت.

 

فرانس24: پێتان وایە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی مەترسین بۆ سەر سەقامگیریی عێراق و هەرێمەکەی ئێوە، چونکە ئەو هێزانە بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵ نین؟

 

مەسرور بارزانی: من ناتوانم بە شێوەیەکی گشتی قسە بکەم، چونکە پێکهاتەی جیاواز لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی هەن، ئێمە هیوادارین کە دامەزراوە یاساییەکانی حکوومەتی عێراق بتوانن کە هەمووان بهێننە ژێر کۆنتڕۆڵی سیستەمی یاسایی.

 

فرانس24: پێتان وایە کە نەبوونی ئاسایش لەو ناوچانەی جێی ناکۆکی ئێوە و حکوومەتی عێراقین، دەکرێ ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ گەڕانەوەی داعش؟ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان هۆشداری ئەوەیان داوە کە داعش خەریکە دەگەڕێتەوە و ئەمجارە تەنانەت بە هێزتریش دەگەڕێتەوە.

 

مەسرور بارزانی: تاکو ئێستاش داعش هەر سەرەکیترین مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهانیش، داعش لە سەر زەوەی شکست دراوە، بۆ ئەمەش سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین و شانازی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە دەکەین ئەو نەبەردەی دژ بە داعش کردیان، بەڵام ئەمە کارێکە کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، داعش هێشتا ماوە، و تەنانەت لەو کاتەی کە ئێمە ئێستا قسەی تێدا دەکەین، ئەوان وا خەریکی خۆڕێکخستنەوەن، ئەوان خەڵکی نوێیان وەرگرتووە و ئۆپەراسیۆنیان دژ بە هێزەکانی عێراق و هەندێک جاریش دژ بە هاووڵاتی مەدەنی ئەنجام داوە، بۆیەش داعش هێشتا سەرەکیترین کێشەیە، وەک باسیشت کرد، ناوچەیەک هەیە پێی دەگوترێت ناوچەی جێناکۆک و لەو ناوچانە بۆشاییەکی ئەمنی بەهۆی چارەسەرنەکردنی هەندێک کێشەوە هەیە، ئێمە کۆمەڵێک پێشنیارمان بۆ حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کردووە و چەندین کۆبوونەوەمان ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە بە هێزی یاسایی و شەرعییەوە هەم لە حکوومەتی فیدڕاڵی و هەمیش لە هەرێمی کوردستانەوە پڕ بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە نەمێنێت و داعش دەستی بەم ناوچانە نەگات، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکانی داعش سنووردار نییە بەم ناوچانە، بەڵکو لە ناوچەی دیکە و پارێزگای دیکەش هێرش ئەنجام دەدن، بەم هۆیەوە داعش هێشتا سەرەکیترین کێشەیە و پێویستە هەماهەنگی زیاتر لە نێوان سەرجەم لایەنە دۆست و هاوپەیمانەکان هەبێت.

 

فرانس24: پێتان وایە بە هۆی پەتای جیهانگری کۆرۆنا هەندێک تەرکیز لەسەر مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش نەماوە؟

 

مەسرور بارزانی: بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین پەتای جیهانگیری کۆرۆنا کاریگەری لەسەر هەموو شتێک هەبووە، بەڵام پێویستە هیچ کام لەو کێشانەی لەوانەی ڕووبەڕوومان ببنەوە نەبنە هۆی خاوبوونەوەی شەڕی دژ بە تیرۆر.

 

فرانس24: دەمەوێ باسی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی تورکیا بکەم دژ بە پەکەکە لە هەرێمەکەی ئێوە، ئەگەر وەک ئەردۆغان باسی کرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە تورکیا دەتوانێت ناوچەیەکی ئارامی هاوشێوەی سوریا دروست بکات، ئەمە بۆ ئێوە قبووڵکراو دەبێت؟

 

مەسرور بارزانی: سەرەتا دەبێ بڵێم کە ئەم کێشەیە کێشەی ئێمە نییە، بەڵکو کێشەیەکە لە ناوخۆی تورکیا کە بەداخەوە بە درێژایی ساڵانێک هەناردەی هەرێمەکەی ئێمە کراوە، ئێمە پێمان وایە کە شەڕ ناتوانێت کۆتایی بەم کێشە بەردەوامە بهێنێت، بەداخەوەش پەکەکە نییەتپاکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی قۆستووەتەوە و چیاکان و هەندێک ناوچەی نیشتەجێبوونیشیان داگیر کردووە، بەهۆی بوونی ئەوانەوە ئێمە نەمانتوانیەوە نزیکەی 800 گوندی خۆمان ئاوەدان بکەینەوە، هەندێک کات ڕێگە بە جووتیاران نادرێت سەردانی کێڵگەکانیان بکەن و هەندێک کاتیش لە ناوچەکانیان دوور دەخرێنەوە، بۆیە هیوادارین کە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزتر نەبێت و پەکەکە ئەم ڕاستیە بزانێت کە بوونیان و چەکارەکانیان لەم ناوچەیە خزمەت بە کەس ناکات و ئێمەش ئەمە قبوڵ ناکەین، و ئێمە پێمان وایە لە دوورمەوداشدا هیچ سوودێکی نابێت، ئێمە پاڵپشتی هیچ جۆر هەولێک ناکەین کە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بخاتە مەترسییەوە، بۆیە هیوادارین کە دواجار چارەسەرێک بدۆزرێتەوە و لە کۆتاییشدا ئەم کێشەیە بەرۆکی ناوچەکەی ئێمە بەربدات.

 

فرانس24: بەڵام ئێوە بوونی سەربازیی تورکیا وەک ئەوەی لە سوریا هەیە، قبوڵ دەکەن؟

 

مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە ئێمە پاڵپشتیی سەروەری وڵاتمان دەکەین و هیچ کەسێکیش بوونی هێزی سەربازی ناخوازێت، بەڵام پێویستیشە هیچ بیانوویەک بۆ تەداخولی سەربازی نەدرێت هێزەکانی تورکیا، کە لە ئێستادا پەکەکە ئەم بیانوویەی بۆ تورکیا فەراهەم کردووە.

 

فرانس24: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پاپا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سەردانی عێراق و هەولێر دەکات، پێشتر باسی هێرشەکەی هەولێرمان کرد، ئێوە هیچ نیگەرانییەکتان سەبارەت بە مەترسی ئەمنی هەیە لە ماوەی سەردانی پاپا؟ ئایا هیچ ڕێکاری تایبەتتان گرتووەتە بەر؟

 

مەسرور بارزانی: ئەمە دەبێتە سەردانێکی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێمە بڕوامان وایە کە دەبێ تیشک بخەینە سەر ئەو کارانەی هەرێمی کوردستان بۆ لێبوردەیی و یەکترقبوڵکردنی نێوان ئایینەکان و پێکهاتەکان ئەنجامی داوە، ئێمە هەر شتێک کە لە تواناماندایە دەیکەین بۆ ئەوەی سەردانەکە پارێزراو بێت و هەربۆیەش هەنگاوی پێشوەختەمان گرتووەتە بەر بۆ دابینکردنی ئاسایش لە بەرزترین ئاستدا بۆ قەداسەتی پاپا لە کاتی سەردانەکەی بۆ هەرێمەکەمان، سەڵێک بەر لە ئێستا بەختی ئەوەم هەبوو کە قەداستی پاپا لە ڤاتیکان ببینم و باسی گرنگیی لێبووردەیی و پێکەوژیانمان لە کوردستان کرد، هەروەها باسی ئەو ئەرکە قورسەمان کرد کە لە ئەستۆمان بۆ پەنادانی ئاوارەکان کە ساڵانێکە لێرە نیشتەجێ بوونە، بۆیە هیوادارین سەردانەکەیان ببێتە هۆی ئەوەی تەرکیزێکی نێودەوڵەتی زیاتر بکەوێتە سەر ئەم هەرێمە و هیواداریشین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی زیاترمان بێت بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئازادی ئایین لە هەرێمی کوردستان.