image

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، ئاراس جەنگی هیچ ئەرکێکی لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە پێ نەدراوە و یەکێتی بەرپرسیارێتیی کارەکانی ئەو لە ئەستۆ ناگرێ.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکیدا : باسی لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە کە ئەو بە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەسفی کردووە و ئاشکرای کردووە، ئەوانەی کەیسی ئەمنی و سەربازیی کەرکووکیان گرتە دەست، ئەوانە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەڵەیان کرد. دەشڵێت: ”بەڵێ ئەوانە یەکێتی بوون کە ھەڵەیان کرد“.

بە گوتەی مەلا بەختیار، بەرپرسانی بەغدا بەو یەکێتییانەی گوتووە کە هەڵەکەیان کردووە، ئەگەر تا بەرەبەیان بە ڕێککەوتنێک نەگەن، ئەوا هێرش دەکەنە سەر کەرکووک. دەشڵێت: ”بە بۆچوونی من، ئەگەر ئەو ھەڤاڵانە ئەوکات بەیاننامەیەکیان دەرکردایە و بیانوتایە لە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی کشاوینەتەوە و بەغدا وای وتووە، ئەوا ئێستا ھیچ کام لەو قسە و قسەڵۆکانە دروست نەدەبوو، بەڵام کە بەیاننامەیان دەرنەکرد ئێستا ئەو قسە و قسەڵۆکانە دروست بوون”.

لەبارەی سزادانی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە مەلا بەختیار بەو یەکێتییانە وەسفی کردوون کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا هەڵەیان کردووە، ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی ئاشکرای کردووە: ”بابەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەکۆنگرە دێتە پێشەوە، ئێمە داوای لیژنەی لێکۆڵینەوەمان لەپەرلەمانی کوردستان و دادگای کوردستان کردووە، ھەر ھەڵەیەک لەسەر ئەو ھەڤاڵانەی ئێمە ساغ بێتەوە، بێگومان ئێمە لایەنگری سزادانیانین“.

باسیشی لە ئاراس جەنگی کردووە کە یەکێکە لە سەرانی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئاماژەی بەوە داوە: ”ئاراس جەنگی تەنھا لەسکرتاریەتی مام جەلال کاری کردووە، مەکتەبی سیاسی ھیچ ئەرکێکی پێ نەسپاردووە لە کێشەکانی کەرکووک یاخود لەپاش و پێش کەرکووک، واتە ھیچ پۆستێکی فەرمی سیاسی و سەربازی لەناو یەکێتی نیە، بۆیە مەکتەبی سیاسی و یەکێتی ھیچ بەرپرسیارێتییەکی ھەڵناگرن، بەڵام ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە بەڵگەی لەسەر سەلمێنرا، ئەوا ئێمە لایەنگری سزادانیانین، نەک ھەر ئەو، ئەگەر مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش بێت”.