image

دوێنێ سێشەممە 13ی 02ی 2018 مەكتەبی سیاسی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لەسەر بارەگای خۆیان لە کەرکوک ئالای كوردستانیان بەرزكردەوە، بەلام دوای 6 كاتژمێر فەرماندەیەكی سەربازی حەشدی شەعبی ئاڵاكەی ھێنایە خوارەوە.

دوای ئەوەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عیراق كە ھەفتەی رابردوو دەریكرد، تێیدا ھەلكردنی ئاڵای كوردستانی لە كەركوك بە ئاسایی ناوبرد، دوێنێ سێشەممە یەكێتی نشتیمانی كوردستان ئاڵایەكی گەورەی كوردستانی لەسەر بارەگای مەكتەب سیاسی خۆی لە كەركوك بەرزكردەوە، بەلام دوای شەش كاتژمێر تیپەڕ بوون، بە فەرمانی فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی ئاڵاكە ھێنرایە خوارەوە.

سەرچاوەیەكی باڵا لە مەڵبەندی دووی كەركوك ڕاگەیاند: دوای بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە، فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی بە تەلەفون پەیوەندی بە رەفعەت عەبدوڵا لێپرسراوی مەكتەب سیاسی یەكێتی لە كەركوك دەكات و پێی دەلێت” ئەگەر خۆتان ئاڵاكە ناھێننە خوارەوە، خۆم دێم و ھەرچی ئاڵا لەوێ ھەیە بە ئاڵای یەكێتیەوە دەسوتێنم”.

ئەو سەرچاوەیە دەلێت: دوای پەیوەندیە تەلەفونیەكەی لەگەل فەرمااندە سەربازیەكەی حەشد، رەفعەت عەبدوڵا پەیوەندی بە ئاسۆ مامەندەوە بەرپرسی مەڵبەندی یەكتیەوە دەكات و ناوەرۆكی پەیوەندیە تەلەفونیەكەی بۆ باس دەكات، ئاسۆ مامەند داوای لە رەفعەت عەبدوڵا كرد ئاڵای كوردستان بھێنێتە خوارەوە و تا دواتر ئەم ھەڕەشەیە بۆ سەرۆی خۆمان باس دەكەین، دواتر رەفعەت عەبدوڵا دوو پاسەوانی خۆی ڕاسپارد بە ھێنانە خوارەوەی ئاڵای كوردستان.