
پەیامی کورد ... حەوت خوێندکاری کورد لە کەرەج دەستبەسەر کران
لە نوستنگەی زانکۆی خاڕەزمیی کەرەج، ٧ خوێندکاری کورد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٩ی ژانویەی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر نوستنگەی کچان و کوڕانی زانکۆی خارەزمیی کەرج و لانیکەم ٧ خوێندکاری کوردیان دەستبەسەر کرد و گواستیاننەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناسنامەی ئەو حەوت خوێندکارە "دەریا تاڵەبانی، شەپۆل خزری، سالاری ڕەهەوی، فەرزاد سامانی، ئەفشین مامئەحمەدی، سیروان نووری و سوهەیب بادرووج" ڕاگەیەندراوە.
سوهەیب بادرووج خەڵکی مەریوان و شەش خوێندکاری دیکە خەڵکی شاری مەهابادن.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم حەوت خوێندکاری کوردە لە ژوورەکانی خۆیان و لە لایەن بیست کەس لە هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم خوێندکارانە و ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە ئاشکرا نییە و شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیاشیان نادیارە.