image

پەیامی کورد    ...     فۆڕمی خۆراک بە پێی بڕیارێک دەکرێتە ئەلێکترۆنی

بڕیارە فۆڕمی خۆراك بكرێتە سیستەمی ئەلیكترۆنی و بەڕێوبەری گشتی بازرگانییش دەڵێ، سیستەمی ئەلیكترۆنی كۆتایی بە ھەموو رۆتیناتی پێشوو دێنێت و كارئاسانی زۆر بۆ ھاووڵاتیان دەكرێت.

نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوبەری گشتیی بازرگانی رایگەیاند، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە بڕیار دراوە فۆڕمی خۆراك بكرێتە ئەلیكترۆنی و پێش ھاتنی ڤیرووسی كۆرۆنا دەست بە پڕۆسەكە كراوە، سەرەتا وەك تێست لە پارێزگای دھۆك لە ھەرێمی كوردستان و پارێزگایەك لە باشوور لە رێگەی پەنجەمۆرەوە دەست بە پڕۆسەكە كراوە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی نەیانتوانی سەركەون، پڕۆسەكە راگیرا و دواتر گۆڕانكاری بەسەردا ھات كە لە رێگەی وەرگرتنی نموونەی چاو، فۆڕمی خۆراك درووست بكرێت.

بەڕێوبەری گشتی بازرگانی دەشڵێت، لە ئێستادا پڕۆسەكە راگیراوە بە ھۆی ئەو قەیرانەی لە عێراق ھەیە و ڤیرووسی كۆرۆنا، بەڵام بڕیارەكە دەرچووە و فۆڕمی خۆراك لە كاغەزەوە دەبێتە ئەلیكترۆنی.

شێخ كامل ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بێگومان بەئەلیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراك ھەنگاوێكی باشە، چوونكە كۆتایی بە ھەموو ئەو كاغەز و ئەوراقانەی پێشتر دێنێت و ھاووڵاتیان زۆر بە ئاسانی دەتوانن زیادكردنی ئەندامی خێزان یان كوژاندنەوەی، لە كاتێكی زۆر كەمدا ئەنجام بدەن و ئەو ھاتووچۆیەی پێشتری ناوێت.