image

پەیامی کورد      ...     چاکسازییەکانی حکوومەت زۆر جیددیە

سەرۆکی دەستەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان ووتی، ھەماھەنگییان لەگەڵ حکوومەت ھەیە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و حکوومەتیش جیددیە و ئیرادەیەکی باشی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ھەیە و ئەوانیش چەندین لیژنەیان پێک هێناوە و چاودێریی جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن.

سەرۆکی دەستەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، ڕایگەیاند : "ئەو پەیڕەوانەی لەلایەن حکوومەتەوە دەرچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە و ئێمەش کۆپیمان لا ھەیە و ئەو ڕێنمایییانەی ئێستاش دەرچوون جێبەجێکردنی یاساکەیە، بۆیە ئەمە کارێکی باشە و ھەنگاوێکی گرینگە و ھەر وەزارەتێکیش لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی وەزیر، یان بەرپرسێکی دیکە پێک هێناوە، بۆ ئەوەی لە یاساکە پەیوەندی بە ھەر وەزارەتێکەوە ھەیە جێبەجێی بکەن و لە بەڕێوبەرایەتییەکانیش لیژنەی لاوەکی ھەیە و ھەر فەرمانگەیەک بەرپرسە لە ووردبینیکردنی دۆسیەی فەرمانبەرانی خۆی، بۆ ئەوەی دڵنیا بن ئەوەی لە یاساکەدا ھاتووە دژی نەبێت."

حاکم ئەحمەد ئەنوەر ووتیشی: "ئێمەش وەکوو دەزگایەک چاودێریی جێبەجێکردنی یاساکە دەکەین و کۆمەڵێک لیژنەمان پێک ھێناوە و ھەماھەنگیمان لەگەڵ حکوومەت ھەیە کە لە ماوەی سێ مانگدا یاساکە جێبەجێ دەکرێت، ئەوکات ووردبینی لە جێبەجێکردنی یاساکە و سێکتەرەکانی دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لە جێبەجێکردنی بەپێی پەیڕەو و یاساکە، چوونکە ڕاستە بەشێکی پارە بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام ھەر وەرگرتنەوەی ماف نییە و پێدانەوەی مافیشە کە کەسێک غەدری لێ کراوە."

ئەنوەر باسی لەوەش کرد: "ئەو سێ مانگەی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکە گرنگە، چونکە ئەوەی پەیوەندیی بە فەرمانبەران ھەیە بەدەر دەکەوێت، بەڵام ھەندێک پرسی دیکە کاتی زیاتری دەوێت، ئەوەی دیکە پاککردنەوەی لیستی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و کەم ئەندام و پێشمەرگەی دێرین و زۆر شت جێبەجێ دەکرێت."

ووتیشی: "ئەوەی ئێمە ئاگادارین حکوومەت جددیە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و لە داھاتووشدا کە جێبەجێ کرا باشتر بەدەر دەکەوێت و ئیرادەیەکی باش ھەیە و ئەمە سەرەتایەکی باش و تاقیکردنەوەیەکی باشە بۆ ئەوانەی بەشدارن لە پرۆسەی حوکمڕانی لە کوردستان بۆ ئەوەی لە داھاتوو کێشەیەکیان ھاتە پێش ڕووبەڕووی ببنەوە."