image

دوای دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بە تۆمارکردنی قەوارەکان دەکەن و حکوومەت بڕی 10 ملیار دیناریشی ناردووە بۆ کۆمسیۆن.

 

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: "فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەنجامدان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018 گەیشتووەتە کۆمسیۆن و ھەر ئەمڕۆ گوژمەی 10 ملیار دیناریش گەیشتووەتە کۆمسیۆن بۆ خەرجی پڕۆسەکە، ئێمە ھەر ئەمڕۆ دەستمان بە خشتەی کارکردن کردووە بە مەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول، بڕیارە لە ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بە کارەکانمان بۆ ھەموو ڕێکارەکانی ھەڵبژاردن بکەین، لەوانەش پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و تۆمارکردنی قەوارەکان و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ئێمە لایەنی جێبەجێکارین و پابەندین بەوەی لە ڕۆژی 30ی ئەیلوول ھەڵبژاردن بەڕێوە ببەین".

شێروان ڕاشیگەیاند: "ئەرکی ئێمە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی شەفاف و بێ کێشەیە و ڕەوشی سیاسی چۆنە و چۆن نییە ئەوە پەیوەندی بە لایەنەکانەوە ھەیە و کۆمسیۆن پەیوەندی بەسەر ئەو پرسەوە نییە، دەمانەوێ پڕۆسەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەین و ھەوڵ دەدەین ئەو گرفتانەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕووی دا ئەزموونی لێ وەربگرین و دووبارە نەبنەوە."

شیروان زرار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لەبەردەم کۆمسیۆندا نییە، تەنیا دەخوازین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکارمان بێت لەوەی تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە و وەزارەتەکان ھاوکار بن، چونکە پێویستمان بە داتای ھەندێ وەزارەت ھەیە، لەوانەش تەندروستی و پێشمەرگە و ناوخۆ و دادگاکان."