image

پەیامی کورد  ...  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند : هیچ رێگرییەكی یاسایی نەماوە و وەزارەتی دارایی عێراق هەموو پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی ئاگادار كردووەتەوە، كە سەردانی وەزارەتی دارایی بكەن بۆ خەرجكردنی بوودجە و مووچەی ساڵی 2019، هەروەها پارەی جووتیارانی كوردستانیش هەموو دەدرێت.

لە ژمارە 4529 ی ڕۆژنامەی وەقائیع ی فەرمی حكوومەتی عێراقدا، كە وەزارەتی داد دەری دەكات، یاسای بودجەی 2019ی عێراق بڵاو كرایەوە، بە بڵاوبوونەوەشی، یاسای بوودجەی عێراق لە ساڵی 2019  دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە و پێویستە وەزارەتەكان ڕێنمایی دەربكەن بۆ جێبەجێكردنی یاساكە لە سەرجەم دامەزراوەكانی حكوومەتدا.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ۱۱/۲/۲٠۱۹یاسای بودجەی گشتی عێراق لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیع ی عێراقی ژمارە 4529 بڵاو كرایەوە، هەر لەو رۆژەوە ئەم یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەر لەو بارەیەوە، د. ناسر هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "یاسای بودجە لە دوێنێوە كەوتووەتە واری جێیەجێكردنەوە، هیچ رێگرییەكی یاسایی نەماوە و وەزارەتی دارایی داوای لە هەموو پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان كردووە سەردانی وەزارەتی دارایی بكەن بۆ خەرجكردنی بوودجە و مووچەی ساڵی 2019، هەروەها بۆ دابینكردنی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان یش هەوڵەكانی ئێمە بەردەوامن و پارەی ساڵانی ڕابردوو كە نەدراوە، هەمووی خەرج دەكرێت".