image

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئاشکرای کرد، کۆمەڵی ئیسلامی ”مێژوو و سەروەرییەکان“ی حزبەکەی ”دزیوە“ و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنێت.
منیرە عەلی عەبدولعەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند، کۆمەڵی ئیسلامی لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا بە مەبەستی بانگەشەی ھەڵبژاردن، ”سەروەرییەکانی بزووتنەوە بەکاردەھێنێت، بێگومان ئەوەش خۆی لە دزینی مێژوو و سەروەرییەکانی ئێمە دەبینێتەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە مێژووی کۆمەڵی ئیسلامی لەوکاتەوە دەست پێدەکات کە لە بزووتنەوە جیابووەتەوە، بۆیە ”ناکرێت ئەوان مێژووی بزووتنەوە بەکار بھێنن“.
سەرکردەکەی بزووتنەوە دووپاتی کردەوە کە کۆمەڵی ئیسلامی لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا، لە ڕێگەی کەناڵەکانی خۆیانەوە، ”مێژووی ئێمە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاردەھێنێت“. ئەوەشی نەشاردەوە کە ”جوان نییە“ کۆمەڵ ئەم کارە دەکات.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا دووپاتی کردەوە: ”زۆربەی شەھیدەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێن، زۆرجار سەرکردەکانی کۆمەڵ سەردانمان دەکەن، بەڵام پێیان دەڵێن، کەسوکارەکانیان شەھیدی بزووتەوەن و ھەرگیز نایانکەن بە شەھیدی کۆمەڵی ئیسلامی“. بۆیە داوای لە کۆمەڵی ئیسلامی کرد: ”نان و پیاز بە مێژووی حزبێکی سیاسییەوە نەخوات کە دژایەتی کردووە“.