image

 سەرۆك بارزانی جەختی لە ئەرك و پێگەی ڕاستەقینەی پارلەمان لە ژیانی گەلی كوردستان كردەوە و، پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش سازدانی هەڵبژاردنی بە باشترین ڕێگەچارە بۆ ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە قەڵەم دا.

ئەمرۆ چوارشەممە 14ـی 2ـی 2018، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان كۆ بووه‌وە.

لەو كۆبوونەوەیەدا، فراكسیۆنی پارتی كورتەیەكی لەبارەی كار و چالاكییەكانی فراكسیۆن و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تر و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێم بۆ سەرۆك بارزانی خستە ڕوو.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بارودۆخی سیاسیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و دواپێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوخۆی كوردستانی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە شیی كردووە. هەروەها ڕۆشناییشی خستەسەر ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و باسی لەو هۆكارانە كرد كە هانی گەلی كوردستانی دا، كە بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێت و جەختی كردەوە، كە پێشێلكردنی دەستوور و تێكدانی تەوافوق و پارسەنگی و نەهێشتنی شەراكەت، وایكرد كە گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم بدات.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵ و قوربانیدان و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دا كە ڕێگەی لە سەركەوتنی پیلانی نەیاران گرتووە و هاوكێشەكانی بە قازانجی گەلی كوردستان شكاندووەتەوە.
سەرۆك بارزانی جەختیشی لە ئەرك و پێگەی ڕاستەقینەی پارلەمان لە ژیانی گەلی كوردستان كردەوە و، پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش سازدانی هەڵبژاردنی بە باشترین ڕێگەچارە بۆ ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە قەڵەم دا.