image

پەیامی کورد      ...   بارینی بەفر لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان پێشبینی دەکرێت

بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی باران بارین و بەفر بارین و لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوودا پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بۆ ژێر سفری سیلیزی، لە ئەنجامدا دیاردەی شەختە دەبێت لە بەیانیاندا.

بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی یەکگرتنی هەردوو نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و نزمە پاڵەپەستۆی تورکیا، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی باران بارین و بەفر بارین، ئەمڕۆ لەکاتەکانی ئێوارەدا باران لەهەندێک ناوچە دەستپێدەکات بە رێژەی جیاجیا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە درەنگانی ئەمشەو یەکشەممە، ئاستی بارانبارین زیاتردەبێت، رۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە تەواوی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم شەپۆلە، لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلە بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری یاوەری ئەم نزمە ئەم نزمە پاڵە پەستۆیە دەکات، لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.

لەراپۆرتەکەی کەشناسیدا هاتووە، "دوای زیادبون و چالاکبوونی بارستە هەواکە، شەوی سێشەممە و چوارشەممە ئەگەری بەفربارین هەیە بۆ تەواوی ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری قەزا و ناحیەکانی و سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک.
ئەوەش خراوەتەڕو، پێشبینی دەکرێت لە سەنتەری پارێزگای هەولێر ١٥ ملیم باران و لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ٢٠ ملیم و لە سەنتەری پارێزگای دهۆک زیاتر لە ٢٥ ملیۆن و سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر ٢٠ ملیم و لە سەنتەری پارێزگای کەرکووک زیاتر لە ١٠ ملیم باران دەبارێت.
کەشناسی رونیکردوەتەوە، دوا بە دوای کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلە لە رۆژی پێنشەممە نزمترین پلەکانی گەرمای شەو یاخود بەرەبەیان نزم دەبێتەوە بۆ ژێر سفری سیلیزی، لە ئەنجامدا دیاردەی شەختە دەبێت لە بەیانیاندا.