image


پەیامی کورد ... بارەگای بارزانی لە سێهەم ساڵیادی شەڕی پردێ ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە

 

بارەگای بارزانی لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "فەیسبووك" وتەیەكی لەبارەی داستانی پردێ بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم داستانە، داستانی پاراستنی قەوارەی کوردستانە.

 

 

لەو پۆستەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی تەشرینی یەکەم بڵاو کراوەتەوە هاتووە کە "ئەمڕۆ سێ ساڵ بە سەر "داستانی پردێ"دا تێدەپەڕێت، لەو شەڕەدا هێزی پێشمەرگە بە هیمەتی بەرز و فیداکارییەوە توانی پلانی لەناوچوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان پووچەڵ بکاتەوە".

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکە هاتووە "بەرگریی کەموێنەی پێشمەرگە و زەبر وەشاندنی لە پەلاماردەران، نەك هەر هاوكێشەی سەربازی، بەڵكو هاوكێشە سیاسییەكەشی گۆڕی، پێشمەرگە دووپاتی کردەوە کە هەر قەڵغانە پتەوەکەی پاراستنی کوردستانە".

 

بارەگای بارزانی لە كۆتاییشدا نووسیویەتی "لەم یادە پڕ شانازییەدا، سڵاو لە خۆڕاگری و خۆنەچەماندنی پێشمەرگە قارەمانەکان، دروود بۆ گیانی شەهیدانی ئەو نەبەردییە مەزنە".