image

پەیامی کورد      ...   بەڕێوبەرایەتی تەندرووستی هەولێر ڕاگەیندراوێک سەبارەت بە دۆخی ئێستای کۆرۆنا لە هەولێر بڵاودەکاتەوە

ووته‌بێژی به‌ڕێوبه‌رایەتی ته‌ندرووستی هه‌ولێر رایگەیاند، هەرچەندە بەهۆی گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی و پابەندبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییەکان شەپۆلی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر کەمبوەتەوە، بەڵام تائێستاش رۆژانە ٢٥٠ تووشبووی نوێ تۆماردەکرێت کە مانای وایە ئامارەکانی تووشبوون بەبەرزی ماونەتەوە.

د.بژار موسا، ووته‌بێژی به‌ڕێوبه‌رایەتی ته‌ندرووستی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، "دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە شاری هەولێر بەرەو هەڵکشانێکی زۆر دەچێت و دۆخەکەش زۆر خراپە، ژمارەی رۆژانەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ کەس دەبێت کە ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە و ئەگەر هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەکان نەبن لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەکە زیاتریش دەبێت".

لەبارەی سود وەرگرتن لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا کە ماوەی چەند رۆژێکە بۆ چارەسەرکردنی تووشبوانی کۆرۆنا تەرخانکراوە، ئاماژەی بەوەکرد، "لە ئێستادا ٥٠ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا خراونەتە ژێرچاودێرییەوە و لەپاڵ نەخۆشخانەی رزگاری بۆ چارەسەرکردنی تووشبوان خراوەتە خزمەت تووشبوان، دوای هۆشدارییەکانی تەندرووستیش لە بەرزبونەوەی ژمارەی تووشبوان، لە ئێستادا پابەندبوونی هاووڵاتیانی هەولێر بە رێنماییەکان باشتر بوە و هیوامان وایە پابەندبونی خەڵك باشتریش بێت، چوونکە ئەوە بۆ پاراستنی تەندرووستی و سەلامەتی هەموو لایەکە".

ووته‌بێژی ته‌ندرووستی هه‌ولێر رەتیکردەوە لە ئێستادا کێشەیەکی نەبوونی ئۆکسیژنیان هەبێت، پەیوەست بە بەخشینی پلازماش لەلایەن ئەو تووشبوانەی چاکبوونەتەوە ووتی، "زۆرینەی ئەوانەی چاکبونەتەوە بەدەم داواکاری وەزارەتی تەندروستییەوە هاتون و پلازمای خوێنیان بەخشیوە و هاوکارمان بون، ئێمە سوپاسیان دەکەین، داوا لەو کەسانەش دەکەین کە تائێستا نەهاتوون لەپێناوی چاکەی گشتی سەردانمان بکەن و پلازما ببەخشن".

تائێستا لە هەرێمی کوردستان ١٦ هەزار و ٤٩٧ کەس تووشی کۆرۆنا بوون لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و ٩٢٠ کەسیان لە پارێزگای هەولێر بوون، هەروەها لە کوردستان ١٠ هەزار و ٢ کەس چاکبوونەتەوە و ٦٢٣ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.