image

بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەراسیمێكی تایبەت بە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، ناساندنی كاندیدانی پارتی و ئاشكراكردنی پەیام وبەرنامەی پارتی، ساز بدرێت.

 

لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارە 184، لەژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكات، كە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.

د. كاروان ئیسماعیل، كاندیدی ژمارە یەكی لیستی پارتی و سەرۆكی لیستی ئەو حزبە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت و، تێیدا كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەناسێندرێن و، پەیام و بەرنامەی پارتییش ئاشكرا دەكرێت".

د. كاروان گوتیشی، لەو مەراسیمەدا، كە بە فەرمی پارتی بانگەشە دەست پێ دەكات، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، ئامادە دەبێت.

مەراسیمەكەی دەستپێكردنی بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، سەعات 4ـی ئێوارە بەڕێوە دەچێت.