image

 بەرپرسی مێحوەری ڕۆژئاوای دیجلە ووتی، داعش لە ھەموو ناوچەكان سەری ھەڵداوەتەوە، ئەمەش بە ھۆی ئەوەی ھێزە عێراقییەكان ھەموو ھێزی خۆیان دژی پێشمەرگە بەكار ھێنا و پشتیان لە داعش كرد، بۆیە بۆشاییەكی ئەمنی درووست بوو، ئێستاش بەردەوام ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەن، بەڵام ناتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە.

دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان سەری ھەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ئەو ناوچانە و بەردەوام كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ھێزە عێراقییەكانیش توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە.

بابەكر زێباری، بەرپرسی مێحوەری ڕۆژئاوای دیجلەی ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندوە : "حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكان ھەموو ھێزێكی خۆیان بۆ پێشمەرگە بەكار ھێنا لە ماوەی ڕابردوودا و پشتیان لە داعش كرد و بۆشاییەكی ئەمنی درووست بوو، بۆیە جارێكی دیكە داعش سەری ھەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەكی جیددی، ئێستایش ھێزە عێراقییەكان بەردوام ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەن، بەڵام ناتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە".

بەرپرسی مێحوەری ڕۆژئاوای دیجلە گوتیشی، داعش بە شێوەیەكی بەرچاو لە مووسڵ، كەركووك، سەڵاحەددین، دیالە، ئەنبار و بەغدا زیادی كردووە و تەنانەت مەرجەعی نەجەف ھۆشداریی داوە كە داعش مەترسییە بۆ سەر ئەوانیش، چونكە ژمارەیان زۆر زیادی كردووە.

زێباری باسی لەوەش كرد، پێشمەرگە پێشتر بە درێژایی زیاتر لە ھەزار كیلۆمەتر سنوورەكانی دەپاراست و ھێزە عێراقییەكانیش بە ھەموو هێزێكیانەوە شەڕیان دەكرد تا ڕێگری لە داعش بكەن، ئێستاش پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماوە و ئەوانیش ھێزی خۆیان لە دژی پێشمەرگە بەكار دەھێنن و پشتیان لە داعش كردووە، بۆیە سەریان ھەڵداوەتەوە.

دەشڵێ، ڕاستە بەشێك لە ھێزە عێراقییەكان كشاونەتەوە و لە شەنگالیش فەوجێكیان كشاوەتەوە و بەنیازن ئۆپراسیۆن دژی داعش ئەنجام بدەن، بەڵام توانایان وەك پێویست نییە.