image

پەیامی کورد     ...    بە پێی بڕیارێکی پڕۆژەی چاکسازی ئەم کەسانە مووچەکانیان رادەگیرێت

بەڕێوبەری ئامار لە بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و لە ئێستادا فۆڕمێکیان پێشکەشی ھەموو پلە تایبەتەکان کردووە، کە پێویستە پڕی بکەنەوە، بۆ ئەوەی بزانن کێ یاساییە و کێش نایاساییە، ئەوەی پڕیشی نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت.

سەباح موخلیس، بەڕێوبەری ئامار لە بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند : "فۆڕمێکمان بەسەر ھەموو پلە باڵاکان وەکوو وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕێوبەرە گشتییەکان دابەش کردووە، بۆ ئەوەی پڕی بکەنەوە و ھەموو زانیارییەکمان بۆ ئاشکرا بکەن، چوونکە لە کاتی خۆی کەسێک ھەبووە وەزیر بووە و دۆسیەکەی کەم وکوڕی ھەبووە، بۆیە پێویستە بەو فۆڕمە زانیارییەکان پڕ بکرێتەوە، کە ئەوەی یاسایی بێت پڕی دەکاتەوە و ئەوەی نایاساییش بێت ئاشکرا دەبێت، بۆیە لە ئێستادا خەریکە فۆڕمەکە تەواو دەبێت، بەڵام زۆرینەی پڕیان کردووەتەوە، تەنها ئەوانەی دەرەوەی ووڵات ھێشتا پڕیان نەکردووەتەوە و دوای پڕکردنەوە و تەواوبوونی فۆڕمەکەش، ئەوکات پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و رێک دەخرێتەوە، کە پاشان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران رەوانە دەکرێت و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن".

موخلیس ووتیشی، ئەوەی فۆڕمەکە پڕ نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت تاوەکوو فۆڕمەکە پڕ دەکاتەوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "لە چاکسازیکردن لە پلە تایبەتەکان گەیشتووینەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کە ٧٥٠ کەس دەبن و ئەوانیش ٩٠%ی تەواو بووە و ئەگەر ئەوانەش تەواو بێت، ئەوانی دیکە وەکوو وەزیر و بریکار ژمارەیان کەمە و زۆر نییە".

دەشڵێ: "لەناو بەڕێوبەرە گشتییەکانیش خەڵکی نایاسایی تێدایە، بەڵام تا تەواو نەبین، نازانین ژمارەیان چەندە و کاتێک تەواو بووین، ئەوکات ژمارەیان دیار دەبێت".