image

پەیامی کورد  ...  بە پێی بڕیارێک لە چەند ڕۆژی دابێ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ژمارەیەك سزادراوی خەڵكی ئێران ڕادەستی ووڵاتەكەیان بكاتەوە، بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ئاشكرای كرد، ژمارەیەك سزادراو داواكارییان پێشكەش كردووە و لە داهاتوویەكی نزیكدا رادەستی وڵاتەكەیان دەكرێنەوە.

عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حكوومەتی ھەرێم و كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "حكوومەتی عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانیان رێككەوتوون، لەو چوارچێوەیەدا چەند جارێك زیندانیانی ئێرانی لە چاكسازییەكانی ھەرێمی كوردستانەوە رادەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران كراونەتەوە، پڕۆسەكە ھەموو زیندانییەك ناگرێتەوە و ھەندێ رێو شوێن یاسایی ھەیە، لە پێش ھەموویان پێویستە كەسەكە سزاكەی بەسەردا سەپێندرابێ و خۆی داوایەك پێشكەش بە حكوومەتی ھەرێم بكات".

ساڵانی رابردوو ھەرێمی كوردستان ژمارەیەك سزادراوی لە رێگەی حاجی ئومەرانەوە رادەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردوونەتەوە و ئەو حوكمەی ماویانە لە وڵاتی خۆیان تەواوی دەكەن، بەرپرسی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئێران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، كار بۆ ئەوە دەكرێت مەلەفی ژمارەیەك سزادراوی دیكە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و دواتر لە چوارچێوەی رێككەوتن رادەستی وڵاتەكەیان دەكرێنەوە".

لەبارەی مەرجی رادەستكردنەوەی ھەر سزادراوێكەوە، ئاكرەیی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "مەرجی یەكەم پێویستە سزادراو كەیسی سیاسیی نەبێت، ھەروەھا مافی تاكەكەسی لای نەبێت، واتە تەنیا ئەوانەی مافی گشتییان لەسەرە، بە تایبەتی ئەو سزادراوانەی بە ھۆی ماددە ھۆشبەرەكانەوەدەستگیر كراون، رادەستی وڵاتەكەیان دەكرێنەوە، كە دوای رادەستكردنەوەیان، ئەو حوكمەی ماویانە لە زیندانەكانی ئێراندا بەسەری دەبەن".

سەبارەت بە ژمارەی سزادراوانی ئێرانی لە ھەرێمی كوردستان، عەبدوڵڵا ئاكرەیی گوتی: "ژمارەیان زیاتر لە ٦٠ سزادراو دەبێت، بەڵام لیژنەیەك ھەیە پێداچوونەوە بە مەلەفەكانیاندا دەكات و مەرج نییە ھەموویان بگرێتەوە، پێشبینی دەكەین لە یەك دوو حەفتەی دابێت پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت و رادەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكرێنەوە".