image


پەیامی کورد… عێراق/ لە ساڵێکدا زیاتر لە ١٢ هەزار کەس بوونەتە قوربانی هاتووچۆ

 

ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی ئاداری ٢٠٢١،  كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند کە لە ساڵی رابردوودا، یەك هەزار و ٥٥٢ كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە، ١٠ هەزار و ٦٧٠ كەسیش بریندار بوون.

 

فازڵ غەڕاوی ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند كە وڵاتەكەی خاوەنی تۆمارێكی ترسناكە لە قوربانییانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و تەنها لە ساڵی رابردوودا چوار هەزار و ٦٦٦ ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار كراون، هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی ڕێگەوبانی پێویست و رەچاونەكردنی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ گەڕاندووەتەوە.

 

غەڕاوی ئاماژەی بەوە كردووە كە تەنها لە بەغدا ساڵی رابردوو ٨٧١ ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار كراون، لە سەڵاحەدین ٧٩٠ ڕووداو و لە نەجەفیش ٦٤٨ ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار كراون.

 

ئەم ئەندامەی كۆمسیۆنە مرۆییەكە دەڵێ ساڵ بە ساڵ ڕێژەی ڕووداوی هاتوچۆ لە عێراق بەرەو زیادبوون دەچێت و ژمارەی قوربانییانی ڕووداوەكانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان.