image

پەیامی کورد  ...  فلۆرانس پارلی ، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا لە بەغداد لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە میانەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کرا.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە عەبدولمەهدی و پارلی تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ووڵات و پاڵپشتیکردنی هەوڵ و هەنگاوەکانی سەقامگیری عێراق و بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی داعش و دۆخی ناوچەکەیان کردووە.

بەپێی بەیاننامەکە، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندووە، دۆخی وڵات بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، و هەماهەنگی هەرێمی و نێودەوڵەتی گرینگە بۆ کۆتاییهێنان بە داعش کە مەترسی بۆسەر هەموولایەک درووستکردبوو.

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە کە لە قۆناغی داهاتوودا هاوکاری و هەماهەنگییەکان زیاتر لە بواری ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری عێراق چڕبکرێتەوە.

بەو پێیەی فەڕەنسا ئەندامە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.، وەزیری بەرگری فەڕەنسا رایگەیاندووە، فەڕەنسا بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی عێراق و پەیوەندییەکانی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە.

فلۆرانس پارلی جەختی کردەوە ووڵاتەکەی پاڵپشتە لە سەقامگیری عێراق و بەڵێنی داوە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش، ئاوەدانکردنەوەی عێراق و پەرەپێدانی خزمەتگوزاری و هەماهەنگی لەو بوارانەی کە خزمەت بە ، بە هێزکردنی ئاسایش و پەرەپێدان و گەشانەوەی ئابووری بدات هاوکار دەبێت .