image


پەیامی کورد ... سێ گەنجی عەرەب بە تۆمەتی ئاگردانی وێنەی خامنەیی ٤٠ ساڵ بەندکرانیان بۆ بڕایەوە

 

سێ گەنجی عەرەبی خەڵکی شاری ئەهوازی وڵاتی ئێران بە "تاوانی" سوتاندنی وێنەی خامنەیی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ی ئەو وڵاتە سزا دران و کۆی سزای هەرسێکیان دەگاتە ٤٠ ساڵ.

 

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز، دادگای شۆرشی ئێرانی لە شاری ئەهواز، سزای زیندانی بۆ سێ گەنجی عەرەبی ئەهوازی دەرکرد بە "تاوانی" بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ی ئەو وڵاتە و سوتاندنی وێنەی خامنەیی.

 

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی ناوی ئەو سزادراوەنەی راگەیاندووە و پێکهاتوون لە (رەعد حەمدانی ٢٣ ساڵ بە سزای ٢٠ ساڵ زیندانی) و هەروەها هەریەک لە (قوسەی خەزرەجی ١٩ ساڵ و سەجەد دەباتی٢٠20 ساڵ) بە ١٠ ساڵ زیندانی سزا دران.

 

چالاکوانانی مەدەنی ئاماژەیان بەوە کردووە، "ئەو سێ گەنجە لەلایەن دادگای ئێرانەوە بە تاوانی کاری تێکدەری و سوتاندنی وێنەی خامنەیی و هەوڵدان بۆ پشێوی نانەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی سزادراون".

 

جەختیشیان کردەوە "ئەو سێ گەنجە چەندین جۆر ئازار و ئەشکەنجە دراون بۆ ئەوەی دانبنێن بە هەندێک تاواندا کە هەرگیز ئەنجامیان نەداوە و ئێستا لە زیندانی شاری مەسجد سلێمان زیندانی کراون''.