image

پەیامی کورد       ...    وەزیری ناوخۆ: بۆ مانگی رەمەزان رێکاری نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا دەردەکەین

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی، پابەندنەبوونی خەڵک بەرێنماییەکان بەتایبەت بەستنی ماسک وای کردووە کە رێکاری تووند بۆ رووبەرووبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا دەربکەین، جەختیشی کردەوە، لەمانگی رەمەزان رێنمایی نوێ دەردەکەین کە لەگەڵ ئەو مانگە بگونجێین وھیوادارین ھاووڵاتیانیش ھاوکار بن.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ووتی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەگەر رۆژانەش نەبێت بەردەوام پەیامی ھەبووە ھاووڵاتیان ئاگاداربکرێنەوە و ھوشیار بکرێنەوە باشتر خۆیان بپارێزن و وەزارەتی تەندرووستی رێنمایی ھەبووە و داواکاری ھەبووە لە لیژنەی باڵای ڕووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا کە رێکارەکان تووند بکرێن و بەداخەوە ھاوولاتیان وەکوو پێویست خۆیان ناپارێزن بۆیە ناچارین رێکارەکان تووند بکەین و ساڵی ڕابردوو لە قەدەغەکردنی ھاتووچۆ دەستمان پێکرد و تارادەیەکی باش توانیمان بەسەر پەتایەکە زاڵ بین و سەرکەوین، بەڵام ئەو شل و خاویەی لەلایەن ھاووڵاتیان ھەیە و پابەند نەبوون بە رێنمایەکان وایکرد بە ھەزاران خەڵک تووشی کۆرۆنا بن و چەند ھەزارێکیش ژیانی خۆیان لەدەست دا.

رێبەر ئەحمەد ووتیشی، ئەمساڵ کە پەتای کۆرۆنای گۆڕاو لە سەرتاسەری جیھان بڵاوبوویە ھەموو وڵاتانی ناچار کردووە کە قەدەغەی ھاتووچۆ رابگەیێنن، بۆ نموونە لە ووڵاتانی ئەورووپا سیستەمی ئابووری و تەندرووستی باشترن لە ئێمە  قەدەغەی ھاتووچۆیان بەمانگ راگەیاندووە و ئێستاش لەگەڵ بێت ژیان وەستاوە، کە باسی رێکاری تەندرووستی دەکەین باس لە بەستنی ماسک دەکەین، بۆیە بەداخەوە دۆخێک درووست بووە پێویستە لەگەڵ نەخۆشیەکە رابێین، ئێمە ھەمیشە ووتومانە لێراھاتن لەگەڵ کۆرۆنا بەماسکەوە لەگەڵ نەخۆشیەکە دەژین بەبێ ماسک ژیانی ھاووڵاتیان لەمەترسیدایە.

ئەحمەد باسی لەوەشکرد، ھەموو رێکارەکان بۆ پاراستنی خەڵکە و خەڵک پارێزراو بێت وتەندرووستیان باش بێت و ھاووڵاتیان تووشی نەخۆشی و گرفت نەبن وھەرچی رێنمایی بڵاودەکەینەوە ھاووڵاتیان پابەند نابن بە بەستنی ماسک و ھەندێک دامەزراوەکانی حکوومەت ماسکیش دابین دەکەن و داوا لە راگەیاندنەکان دەکەین رۆڵی زیاتر لەھۆشیارکردنەوەی خەڵک ببینن.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئەولەویەتی حکومەتی ھەرێم پاراستنی خەڵکە، من تکا دکەم لە دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا وھەر کەسێک رۆڵی ھەیە، ئاگاداری ھاووڵاتیان بکات کە ھۆشیاربن لەبەستنی ماسک، ئەو ماسکە ژیانی خەڵک دەپارێزیت و کۆڕ و کۆبوونەوە کەمبکرێتەوە، ناچار بووین لەسەر راپۆرتی تەندرووستی و لیژنەی باڵا رێکاری نوێ دەربکەین کە لەمشەوە قەدەغەی ھاتووچۆی تەواو دەستپێبکات.

باسی لەوەشکرد، بەخێرھاتنی مانگی رەمەزان دەکەین و چەند رۆژی دیکە دەستپێدەکات و بەتەئکید رێکارەکان لەگەڵ مانگی رەمەزان دەگونجێنین، بۆیە پێش مانگی رەمەزان لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە و رێکاری نوێ دەردەکات كە لەگەڵ مانگی رەمەزان بگونجێت، چوونکە لەو مانگە ژیان دەکەوێتە شەو و ھاتووچۆ زیاتر دەبێت بۆیە خۆمان بگونجێنین و ھیوادارین خەڵک ھاوکاریمان بکات بۆ ئەوەی سەرکەوتووبین.