image

 

پەیامی کورد ... ٢٧ پەنابەری ڕۆژهەڵاتی لە میسرەوە گەڕێندرانەوە بۆ ئێران

 

ئەو ٢٩ کۆچبەرەی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دەریای ناوەڕاست گیریان خواردبوو و لەلایەن هێزە دەریاییەکانی میسر رزگارکرابوون، گەڕێندرانەوە ئێران. 

 

سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران شەوی رابردوو گەیشتنەوەی ئەو کۆچبەرانەی بۆ ئێران راگەیاند. کۆچبەرەکان کە پێنج ژن و دوو منداڵیشیان تێدا بوو، مانگی رابردوو لە وڵاتی تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوون و لە دەریای ناوەڕاست ماتۆڕی بەلەمەکەیان خراپببوو و گیریان خواردبوو. 

 

دوای مانەوەیان لە دەریا بۆ زیاتر لە ٢٤ کاژێر کە نزیکەی ٢٧٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی میسرەوە دووربوون، لەلایەن هێزە سەربازییەکانی وڵاتی میسرەوە رزگارکران و برانە میسر. لەو ماوەیەدا حکومەتی میسر لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ئەو کۆچبەرانە بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران.

 

بەپێی گوتەی فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراقی کە پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، ٢٧ کەس لەو کۆچبەرانە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون. 

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هەوڵی جێگری کۆنسوڵی ئێران و پەرلەمانی وڵاتەکەی، ئەو ٢٩ کۆچبەرە لە رێگەی دوبەیەوە گەڕێندراونەتەوە.