دەزگای ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

لە راگەیەندراوێكدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەركەوتنی چەكدارەكانی شاخی بەمۆی نزیك هەڵەبجە  بڵاوكردەوەو جەختیشیکردووەتەوە، کە ئەو گروپە چەکدارە لەناوبراوەو مەترسی لەسەر ناوچەکە نەماوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێدا رایگەیاندووە،  "هێزەكانی ئاسایش، بەردەوامبوون لەگەڕان و لێكۆڵینەوە لەناو شار و شارۆچكەكانی گەرمیان،  ئەوەبوو رۆژی (  26/1/2018 ) تونرا تیرۆرست ( ش . م ) كە برای تیرۆرست  ( م . م ) و ( دلشاد باوەنورییە)  دەستگیر بكرێت".
دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە، کە "ئەو (ماتۆر سكیل) و (چوار ئۆتۆمبێلەش)  كە لە جۆری  (تویوتا و  مینی پاس ) بوون  و چەكدارەكانی داعشیان،  پێ گواسترابوونەوەو هاوكاریان كردبوون لە گواستنەوەی كەلوپەلەكانیان، توانراوە دەستیان بەسەردا بگیرێت، هاوکات چەند تیرۆرست و گومانلێكراوێكی دیکەش دەستگیرکراون، بەڵام لەبەر سەلامەتی رەوتی لێكۆڵینەوەكان و بوونی پەڕاوەكانیان لە دادگا،  زامنیاری زیاتر بڵاوناکرێتەوە".

دەقی راگەیەنراوەكە:

دوای شكستی تیرۆرستانی داعش لەعیراق، دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەرچاو رونبوو، لەسەر پیلانی نوێی تیرۆرستان، بۆ تێكدانی ئارامی هەرێم ، ئەوە بوو بەبڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ژورێكی ئۆپراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی خێرا پێكهێنرا، دەست بەكۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچون كرا، لەبارەی بڵاوبونەوەی چەكدارە پەرتەوازەكانی داعش، لەناوچە سنوریەكانی هەرێم، دوای شەونوخونی و ماندوبونی كارمەندان و ئەفسەران، بۆ دەزگای ئاسایش رونبوەوە، كە تیرۆرستان پیلانیان داناوە، دزە بكەنە ناو خاكی هەرێم و حەشارەگەی نهێنی دروست بكەن و بیكەنە خاڵی خۆ رێكخستنەوە و ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆرستی.

هەر لەسەر ئەو بنەمایە، تەواوی بەرێوبەراییەتیەكانی ئاسایشی هەرێم، سەر بەدەزگای ئاسایش، پلانی خۆیان داناو دەستیان كرد بەجێبەجێكردنی هەنگاوەكانی پاراستنی ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتیان.

ئەوەبوو لەسەر بنەمای زانیاری ورد، بۆ هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان رونبووەوە، لەسەر بونی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو ، كە لەناوچەی پەڵكانەی نزیك خورماتوەوە، جوڵەیان پێكراوە بۆ ناوچەی گەرمیان، بەدواداچونی وورد كراو ئاشكرابوو لەناوچەی بناری بەمۆ چەكدارەكان بینراون، پاش لێكۆڵینەوە و رەزامەندی دادوەر، بەفەرمانی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم ، ئێوارەی رۆژی 22 / 1/2018 تەوای هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان، كیوماڵكردنی ناوچەكەیان دەستپێكردو توانیان شوێن و حەشارگەی چەكدارە نەناسراوەكان ، كە ئەشكەوتێك بوو لە ناوەڕاستی شاخی بەمۆ، ئاشكرا بكەن و ڕوبەڕوویان بونەوەو دوای ئەوەی داوایان لێكرا ناسنامەكانیان ئاشكرا بكەن و خۆیان رادەستی هێزەكانمان بكەن، بەڵام دوای خۆ دزینەوەیان ڕوبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بوونەوەو شەڕوپێكدا دان بۆ ماوەی ( 30 ) دەقە بەردەوام بوو.

• لێدوانی 1 ( لیوا نەوشیروان ئەحمەد …. بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان) كە دواتر چەكدارەكان هەڵهاتن و دەسگیرا، بەسەر یەك چەك لە جۆری ( بیكەیسی ) و چەندین كۆڵە پشتدا و گومانی گروپی تیرۆرستی داعشیان لێكرا ، كە لە راگەیاندراویی رۆژی 23 / 1/ 2018 دەزگای ئاسایشدا ئاماژەی پێكرابوو.

پاشان هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان، پلانی خۆیان گۆڕی و تەوای سنورەكەیان كۆنتڕۆڵكرد و لەسەعات 1 شەوی ( 22/23) 1 / 2018 توانرا حەشارگەی چەكدارە گومانلێكراوەكان بگیرێت و دوای هەڵهاتنیان دەست بەسەر دوو چەك لەجۆری ( كڵاشینكۆف ) ، 17 گولەی (ئاربیچی ) و یەك فەردە ( تیئێنتی) و چەندین سندوقی فیشەكی ( بیكەیسی ) و ( ناتۆ ) و ( كڵاشینكۆف ) و ( قەناس ) و چەند ( رومانەیەك ) و ( ئاڵایەكی داعش ) و ژمارەیەكی زۆری ( سیمكارت و هاندی مۆبایل ) و بڕێكی زۆری مەوادی خۆراكیدا بگیرێت .

دواتر هێزەكانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەختەو دەسبەسەرداگرتنی حەشارگەكەیان، دڵنیا بوونەوە ئەو چەكدارانەی گومانیان لێدەكرا، داعشن كەهەمان ئەو تیرۆرستانەن كە لەسنوری پەڵكانەوە هاتبونە بناری بەمۆ. رۆژی ( 23/1 ) ئاسایشی گەرمیان هەریەك لەهێزەكانی ئاسایشی ( كەلار ، كۆكز ، جەلەولا، رزگاری ، باوەنور، قۆرەتوو ،دەربەندیخان ،بەمۆ ، مەیدان ) لەژێر چاودێری دەزگای ئاسایش ، جوڵەیان پێكراو بەدوو ئاراستە پلانی روبەڕوبونەوەی تیرۆرستانی داعش خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

كە لەلایەك كیوماڵكردن لەناوچەی بەمۆ و لەسنوری شاروشارچكەكانی گەرمیانیش ، هەڵمەتی دۆزینەوەو دەسگیركردنی شانە نەنستوەكانی داعش ، كە لە ناوچەكە هاوكاری چەكدارە تیرۆرستییەكانیان كردبوو دەستپێكرد.

هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان بە هاوكاری چەند تیمێكی پۆلیسی گەرمیان و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی سەر بەهێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن

تەواوی ناوچەی ( بێلولە ،شاوازی ، مەیدان ،شاخی بەمۆ ، شاخی شەرواڵ دڕە ) كیوماڵكراو لە ژێر چاودێری هێزەكانمان دابوون و تەوای رێگاكانیش گیران و پشتێنەیەكی ئەمنی بەهێز دروستكرا.

لە هەمان رۆژ ( 23 / 1 ) چەند تیمێكی ئاسایشی گەرمیان ، سەرقاڵی ئاشكراكردن و دۆزینەوەی شانە نەنستوەكانی داعش بوون ، ئەوە بوو توانرا ، تیرۆرست ( م .م ) كە كوردە و برای گەورە تیرۆرست ( دڵشاد باوەنوریە) لە یەكێك لە ناوچەكانی گەرمیان دەسگیربكرێت، كە هاوكاری چەكدارە تیررۆرستەكانی داعشی كردبوو، لە گەیاندنیان بۆ ناوچەی بەمۆ ، پاش ئەوەی دۆسیەكەی ڕوبەڕوی دادگا كرایەوە ، لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوەو دەركەوت چەكدارانی داعش ، زۆربەیان كوردن و چەند عەرەبێكیش لە نێویاندایە و ژمارەیان زیاتر لە ( 20 ) تیرۆرستە ، كە لە ناوچەی پەڵكانەوە هاتونەتە گوندی ( گۆڕەشە ) لە سەر چەمی سیروان لە ناحیەی قۆرەتوو و دواتریش چونەتە چەمی ( سەید شەهاب ) و بە دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری ( توێتا و مینی پاس ) بەهاوكاری چەند كەسێك ، كە ماتۆڕسكیلێك پێشڕەوی كردون ، بە ڕێكەوتون بەرەو سنوری گوندی ( خركنێ ) لە بناری بەمۆ و دوای دوو رۆژ مانەوەیان حەشارگەیان دروستكردوە و لە سێهەم رۆژدا لەلایەن ئاسایشەوە ئاشكراكران .

تیمەكانی دیكەی ئاسایشی گەرمیان ،بە هاوكاری چەند مەفرەزەیەكی پۆلیسی گەرمیان و بەرگری و فریاكەوتن ، بەردەوام بون لە كیوماڵكردن و حەسر كردنی تیرۆرستان ، لە شاخی بەمۆ و بە درێژایی 4 شەو 4 رۆژ ، بێ پشوو بەدوای تیرۆرستانەوە بوون و دوای كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی بناری بەمۆ و مەیدان چەكدارە تیرۆرستەكان ناچار چونە خاكی كۆماری ئیسلامی ئێران .

بۆیە لەلایەن ، لایەنی پەیوەندیدارەوە كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بونی چەكدراكانی داعش ئاگاداركرانەوە كە خاكی ئەو وڵاتەیان بەزاندوەو بەرچاو رونیان كردن لە سەر جموجۆڵەكانیان

ئەوەبوو پاش 24 سەعات میدیاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر زاری لایەنە ئەمنیەكانەوە ئەوەیان بڵاو كردەوە كە دوای شەڕێكی سەخت لە سنوری كرماشان ، بناری بەمۆ

لەگەڵ چەكدارانی داعش 16 تیرۆرستیان لێدەسگیركراوە و 5 دیكەیان كوژراون ئاماژەش بەوە كراوە 3 كەس لە هێزە ئەمنیەكان كۆماری ئیسلامی ئێران لەو ئۆپراسیۆنەدا كوژراون

هێزەكانی ئاسایشی، بەردەوام بوون لەگەڕان و لێكۆڵینەوە لە ناو شاروشارۆچكەكانی گەرمیان ، ئەوە بوو رۆژی ( 26/1/2018 ) تونرا تیرۆرست ( ش . م ) كە برای تیرۆرست ( م . م ) و ( دلشاد باوەنوریە ) دەسگیربكرێت و ئەو (ماتۆر سكیل) و (چوار ئۆتۆمبێلەش ) كە لە جۆری (تویوتا و مینی پاس ) بوون و چەكدارەكانی داعشیان ، پێ گواسرابونەوەو هاوكاریان كردبوون لە گواستنەوەی كەلوپەلەكانیان ، دەستی بەسەردا بگیرێت و چەند تیرۆرست و گومانلێكراوێكی تریش ، دەسگیر بكرێن ، كە لەبەر سەلامەتی رەوتی لێكۆڵینەوەكان و بونی پەڕاوەكانیان لە دادگا ، كەسایەتیان پارێزراوە.

شكستپێهێنانی پیلانێكی دیكەی تیرۆرستانی داعش ، بۆ تێكدانی هەرێم ، لەكاتێكدایە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو ،دوو پیلانی دیكەی تیرۆرستان ، ئاشكراكران بۆ تێكدانی ئارامی سلێمانی و دەوربەری و ئەندامانی شانە نەنستوەكانیان دەسگیر كران ،لە ئێستاشدا بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ، بە هاوكاری بەرێوەبەراییەتیەكانی دەرەوە ، بەردەوامن لە لێكۆڵینەوە و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان ، كە دەزگای ئاسایش بەرچاوروونە لە سەر چەندین پیلانی دیكەی تیرۆرستان ، بۆ شێواندنی ئارامی هەرێم ، هەموو ئامادەكاریەكیش كراوەو بۆ رێگەگرتن لە بەدیهێنانی مەرامەكانیان .

لێرەوەشەوە، جارێكی دیكە ، سوپاسی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین ، كە هەمیشە پشت وپەنای هێزەكانی ئاسایش بوون و خەمیان خەمی دەزگای ئاسایش بووە ، بۆ پاراستنی ئارامی هەرێم ، بۆیە دڵنیای هەمولایەك دەكەینەوە بەردەوامین و بەهەموو هەوڵ و توانەیەكمانەوە ، ئاسایشی هەرێمەكەمان ئەپارێزین و نایەڵین بە پیلانی ناحەزان و دوژمنانی ئازادی ، ژیان لە هەرێم ، تێك بدرێت .

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان