image

‎سەرۆك كۆماری فەڕەنسا، داوا لەسەرۆكی ئەمریكا دەکات، کە پابەند بێت بە رێككەوتنە ئەتۆمێکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

‎كۆشكی ئەلیزێ راگەیندراوێکی بڵاوکردووەتەوەو تێیدا رایگەیاندووە، کە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەرەنسا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، لەو پەیوەنییەدا باسیان لە كۆریای باكوورو رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كردووە.
‎بەپێی رایگەیندراوەکە، ئیمانوێل ماكرۆن پێداگری فەرەنسای لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە خستووەتەڕوو، هەروەها بە گرنگیشی زانیوە ئەو وڵاتانەی ڕێككەوتنەكەیان واژوو كردووە پابەند بن رێككەوتنەكەوە.
‎ماکرۆن باسی لەوەشکردووە،‌ کە لەپێناو دەستەبەركردنی سەقامگیری هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە دیالۆگێكی بەهێز لەگەڵ حكومەتی تاران دروستبكرێت، لەسەر بەرنامەی بالیستی و سیاسەتی ناوچەیی، هاوکات ئەو رێككەوتنەشی کە كراوە بەشێوەیەكی گونجاو بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. 
‎هەر لە راگەیندراوەکەی کۆشکی ئلیزێدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەیدا لەگەڵ ترەمپ، دروستكردنەوەی پەیوەندی لەنێوان كۆریای باشوورو كۆریای باكووری لەرۆژانی رابردوودا بەپێشهاتی ئەرێنی وەسفكردووەو بەپێویستیشی زانیوە درێژە بە سیاسەتی پێداگریانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بدرێت، لەپێناو داماڵینی نیمچەدوورگەی كۆریا لە چەكی ئەتۆمی.