image

پەیامی کورد     ...     یەکەمین دانپێدانانی ئێران سەبارەت بە دزینی بەڵگە و دۆسیەی نهێنی و شاراوە و هەروەها بوونی درزی ئەمنی لە ناو دەسەڵاتەکەیدا

بە پێی نوێترین هەواڵ و دوای ڕوودانی تێرۆری زانای ئەتۆمی ئێران بەرپرسانی ئەو ووڵاتە دانیان بە درزی ئەمنییەتی و لاوازی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێراندا ناوە و لە یەکەمین دانپێدانان دا لە لایەن عەلی جەننەتی وەزیری پێشووی ئێرشاد و نەوەی ئایەتۆڵلا جەننەتی سکرتێری شەورای نیگەهبانی ئەو ووڵاتەوە جەختی کردەوە کاتی ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی ئەمنییەتی ووڵات دوای تێرۆر کردنی مۆحسین فەخریزادە هەنگاو هەڵبنێن و ڕێکاری جیددی بگرنە بەر 

کوژرانی لەناکاوی ''موحسێن فەخریزادە'' زانای ئەتۆمی ئێران و بەرپرسی ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنەری وەزارەتی بەرگری ڕێژیمی ئێران، لاوازی دەزگا ئەمنییەتی و هەواڵگری و زانیارییەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد و بەرپرسانی ڕێژیم بە ئاشکرا دانیان پێدا ناوە.

''موحسێن ڕەزایی'' سەرۆکی کۆڕی گشتی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێک بۆ ''حەسەن ڕووحانی'' ڕایگەیاندووە : ''درێژەی ئەم هەوڵانە دەرخەری لاوازی و بێ هێزی دەزگای هەواڵگری و زانیاری ئێرانە و دەبێ چارەیەک بۆ ئەمە لەبەرچاو بگیرێت''.

''حسێن دێهقان'' ڕاوێژکاری نیزامی و سەربازی ڕابەری باڵای ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''هۆکاری تێرۆری موحسێن فەخریزادە،  دزەی ئەمنییەتی بووە و بەرپرسان دەبێ ووڵامدەر بن''.

هەروەها ''حسێن عەلایی'' فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران بەنیسبەت ئەم ڕخنە ئەمنییەتییەوە جەختی کردەوە کە ئیسرائیل زیاتر لە ١٠ ساڵە لە ناوخۆی ئێران ئۆپراسیۆنی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبات کە یەک لەوانە تێرۆری زانایانی ئێرانە.

ناوبراوی ووتبووی: ''پێکهاتەی ئۆپراسیۆنەکەی ئیسرائیل لە ئێران زۆر پێشکەوتووە و پشتگەرم بە زانیاری ووردە''.

لەو پەیوەندییەدا ڕۆژنامەی ''ئورشەلیم پۆست'' کوژرانی ''موحسین فەخریزادە''ی بە مایەی شەرمێکی گەورە بۆ ڕێژیمی ئێران وەسف کردووە.

ئەم ڕۆژنامەیە نووسیویەتی، ڕێژیمی ئێران شەرمەزارە، کوژرانی فەخریزادە لە مانگێکدا ڕوویدا کە کەسی دووهەمی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە تاران کوژرا و نیشانی دا ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ناتوانێت ئەمنییەتی هیچ کەس دابین بکات.