image

بەهۆی دەرنەچوونیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی 5، ژمارەیەك لە ئەندامانی خولی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران، لەترسی ئاشكرابوونی گەندەڵییەكانیان، بەرەو دەرەوەی ووڵات هەڵدێن، پەرلەمانتارێكیش ڕایدەگەینێت: ئەگەر تۆمەتەكانیان لەسەر بسەلمێنرێت، لەڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپۆل-ەوە ڕەوانەی عێراق دەكرێنەوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی ئەلعەهد، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، 39 پەرلەمانتار كە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی 5 دەرنەچوون، ووڵاتیان جێهێشتووە.

بەگوێرەی ئەو كەناڵە، هۆكاری هەڵاتنی ئەو پەرلەمانتارانە، بە هۆی ترسیان لەئەگەری ئاشكرابوونی گەندەڵییەكانیان و ڕادەستكردنیان بە دادگا، بەو پێیەی لە 30ی 6ی ئەمساڵ، بە كۆتایی هاتنی ئەم خولەی پەرلەمان، پارێزبەندییەكەیان نامێنێت و دوچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو 39 پەرلەمانتارە، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ئەندامێتی پەرلەمانیان بۆ وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی بەكارهێناوە، بەڵام بەهۆی پارێزبەندییەوە، نەتوانراوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.

عادل نوری، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە SNN  ی ڕاگەیاند: ئاگاداری هەڵاتنی ئەو پەرلەمانتارانە نیم كە دۆسیەی گەندەڵییان لەسەرە.

وتیشی:" ئەگەر هەر پەرلەمانتارێك دۆسیەی لەسەربێت، دوای ئەوەی پارێزبەندی نەما، دادگا دەتوانێت لەڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپولەوە داوایان بكات و تەسلیم بكرێتەوە"