image

گوتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەینێت، بەردەوامی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، بەندە بە حكوومەتی داھاتووی عێراقەوە.

لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی " بغداد الیوم " سەعد حەدیسی، گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق ، جەختی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان كردەوە و ڕاشیگەیاند: "بەردەوامیدان بە ناردنی مووچە، بەندە بە حكوومەتی داھاتووەوە".

سەبارەت بە بەردەوام بوونی بەغدا لە ناردنی بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان كە حكوومەتی ھەرێم و بەغدا لەسەری ڕێككەوتوون حەدیسی گوتی: "ھیچ زانیارییەكیم نییە لەوەی ئەو كەسەی دوای حەیدەر عەبادی. دەبێتە سەرۆكوەزیران، ناردنی مووچەی ھەرێم رابگرێت".

گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر ھەولێر و بەغدا بە رێككەوتنەكەیان پابەندبن، مووچە ناردنیش بەردەوام دەبێت".

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، دەبێ مانگانە بەغدا بڕی 317 ملیار دینار بۆ مووچەی ھەرێمی كوردستان رەوانەی ھەولێر بكات.