image

بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونێک کە لەنێوان هیزێکی نەناسراو و هێزەکانی هەنگی سنووری شاری بانە ، چەند کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئـێران کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان “، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕۆژی سێشەممە ( ١٠ی ژوئیەی ٢٠١٨)، لە سنووری بانە تێکهەڵچوونێکی چەکداری هاتوەتە ئاراوە کە بەو هۆیەوە چەند کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو  تێکهەڵچوونە لە کوێستانی ناوبریتان کە لە ناوچەی خێڵەڕەشی بانە هەڵکەوتووە هاتووەتە ئاراوە و تێیدا چەند کەس کە هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.

لە درێژەی ئەو ڕاگەیندراوەدا هاتووە کە ئەو هێزانە بۆسەیان بۆ کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد داناوە کە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە هێرش کراوەتە سەریان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ نەوتراوە کە پێشمەرگە هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی هەنگی سنوور و هێرش بەران وەکوو شۆڕشگێر ناویان هێنراوە.

ناسنامەی یەکێک لەو چەکدارانەی ئێران کە لەو تێکهەڵچوونەدا کوژراوە ڕامین فەخری ڕاگەیندراوە.

لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا چەندین تێکهەڵچوون لەنێوان پێشمەرگەکانی حزبی دموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئیران لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار و مەریوان هاتووەتە ئاراوە.