نەتەوە یەکگرتووەکان: سوریا تاوانى شەڕى ئەنجام داوە

نەتەوە یەکگرتووەکان: سوریا تاوانى شەڕى ئەنجام داوە

سەرۆکى کۆمیسیۆنى توێژینەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا  " پائلۆ پینریۆ " ، دەوڵەتى بەشار ئەسەدى بە ئەنجامدانى تاوانى شەڕ لە غوتەى ڕۆژهەڵاتى دیمەشق و سەراقب لە ئیدلب تاوانبار کرد. ئەم کۆمیسیۆنە تایبەتەى نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژى " سێشەممە ٦ی فێبریوەری " لە  بەیاننامەیەکدا کە  تیایدا باس لەوە کراوە "بەدواداچوونەکان بۆ ئەو ڕاپۆرتە جیاوازانە دەستى پێ کردووە کە ناویاندا قسە لەسەر بەکارهێنانی  گازى یاساغى کلۆر لە بۆمبارانى گەڕەکەکانى دۆما لە غوتە و شارى سراقب دەکرێت".

 

"پینریۆ" ، سوریاى بە هۆى گەمارۆى غوتەى ڕۆژهەڵات و بۆمبارانکردنى خەڵکى سڤیل و برسیکردنى هاووڵاتیان، بە ئەنجامدانى تاوانى شەڕ تۆمەتبار کرد.

 

شایەنى باسە، ناوچەى غوتەى ڕۆژهەڵات کە لە پایتەختى سوریا نێزیکە، لە ساڵى ٢٠١٣ەوە لە گەمارۆى سوپاى سوریایە. گرووپى جەیشولئیسلام کە عەرەبستانى سعودیە پاڵپشتى دەکات، کۆنتڕۆڵى زۆرێک لە کۆڵانەکانى غوتەیان لە دەستە. ڕێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤ لە سوریا دەڵێت "بە هۆى بۆمبارانە ئاسمانییەکانى سوریا، تەنیا لە ڕۆژى سێ شەممە ١٦ خەڵکى سڤیلى ئەم ناوچەیە گیانیان لە دەست داوە".