حکومەتی هەرێم لەبارەی (٢٥٠) ملیارەکەی بەغداوە روونکردە دەدات

حکومەتی هەرێم لەبارەی (٢٥٠) ملیارەکەی بەغداوە روونکردە دەدات

لە بارەی ئەو بڕە پارەیەی لەبەغداوە رەوانەی ھەولێر کراوە، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان روونکردەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، کە "عیراق جدی نییە لەپێدانی موچەی فەرمانبەران و زیاتر یاری بەھەستی خەڵک دەکات".
لەلێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندوە، کە "تائێستا لیژنەکانی بەغدا وردبینی لەلیستی موچەخۆرانی ھەرێم دەکەن و ئێمەشیان ئاگادارنەکردۆتەوە ئەگەر تێبینیەکیان ھەبێت یان کارەکانیان کۆتاییھاتووە، ھەموو ئامارەکانیشیان پێدراوە".
لەبارەی ناردنی بڕی (250) ملیار دینار لەبەغداوە بۆ هەولێر، وتەبێژی حکومەتی هەرێم  دەڵێت: "بەفەرمی و نافەرمیش ئاگادارنەکراوینەتەوە بەمەبەستی تەرخانکردنی بڕە پارەیەک بۆ پێدانی موچەی ھەر وەزارەتێک، تەنھا ئەوەی ئاگادارین دوای ئەوەی بڕیاری مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکانی ھەرێم ھەڵوەشایەوە بانکی ناوەندی بڕی (250) ملیار دیناری بۆ لقی خۆی کە لەھەولێرە ناردووە، بەڵام بۆ موچەخۆران نییە".
سەفین دزەیی باسی لەوەشکردووە، کە حکومەتی ھەرێم ناتوانێت ھیچ جۆرە مامەڵەیەک بەو بڕە پارەیەوە بکات، لەبەرئەوەی لەژێر دەسەڵاتی لقی بانکی ناوەندیە لەھەولێر تەنھا کاتێک دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات کە بانکی ناوەندی ئەو بڕە پارەیە بۆ سەر حسابی حکومەتی ھەرێم بگوازێتەوە".
لەدرێژەی رونکردنەوەکانیدا دزەیی لەبارەی ناردنی مووچە، رایگەیاندووە، "ڕەنگە ھەندێک کێشە ھەبوبێت لەسەر ناوەکان بەتایبەت پێش بایۆمەتری، بەڵام بەغدا بۆ دڵنیایی خۆی وەفدێکی لەبەغداوە ناردووە کە بەشێوەی مەیدانی دەچوونە خوێندنگەو بنکەی تەندروستی، بۆیان دەرکەوت کە ناوەکانی ئەو شوێنانە تەواون و گرفتیان تێدانییە".
دەشڵێت، "حکومەتی عیراق جددی نییە لەناردنی مووچە، ئەوەی دەبینرێت زیاتر یاریکردنە بەھەستی خەڵک نەک جددیەت بوون لەپێدانی مووچە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە "حکومەتی هەرێم نایەوێت کۆتایی بەو گفتوگۆیانە بهێنێن و بگەنە بنبەست، بەپێچەوانەوە ھەرێم لەسەرەتای ئەو ئاڵۆزیانەوە داوای گفتوگۆی کردووە تا کێشەکان بەگفتوگۆ چارەسەردەبێت، ھەرکات بەغدا بەفەرمی خۆی بڕیاریدا مووچە دەنێرێت یا نا، ئەوکات حکومەتی هەرێم ھەڵوێستی خۆی دەبێت".