کورد رێگربوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت

کورد رێگربوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت

بەهۆی گوشاری نوێنەرانی كورد، كە رێگەیان نەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی (2018)ی فیدرالی بكرێت، دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رۆژی یەكشەممەی داهاتوو دواخرا.
هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و تێیدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٨) بکرێت، بەڵام نوێنەرانی كورد لەسەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان رێگەیان نەدا خوێندنەوەكە بكرێت.
بەپێی زانیارییەکان نوێنەرانی کورد چوونەتە سەر ستەیجی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران تا دانیشتنەكە بەڕێوەنەچێت، پاش دروستبونی ئاڵۆزیش لەنێوان ئەو نوێنەرانە و چەند پەرلەمانتارێك، دواجار هەر نەیانهێشت خوێندنەوەكە بۆ پرۆژەیاساكە ئەنجام بدرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە نوێنەرانی کورد لە بەرغدا رایانگەیاندووە، تێبینییەكانیان لە پرۆژەیاسای بودجەدا لە بەرچاونەگیراوە و حەیدەر عەبادی پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبووە، كە لەبارەی بودجە و مووچە و شایستە داراییەكانی جوتیارانەوە داویەتی بەکورد.
بەهۆی ئەو گوشارەی کوردەوە، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو دواخرا.