یەکەم کاردانەوەی تورکیا دوای ئازادکردنی موسلیم

یەکەم کاردانەوەی تورکیا دوای ئازادکردنی موسلیم

دوای ئازادکردنی ساڵح موسلیم لەلایەن دادگای باڵای (چیك)ەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا نیگەرانی خۆیان لەوبارەوە دەڕی و  باڵیۆزی ئەو وڵاتەش لەچیك دەڵێت، بڕیاری ئازادکردنەکەی موسلیم چاوەڕوان نەکراو بووە.
ئاژانسەکانی هەواڵ لەزاری ئەحمەد نەجاتی بیگاڵی، باڵیۆزی توركیا لەپراگی پایتەختی چیك بڵاویانکردووەتەوە، کە ئازادكردنی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەکێتی دیموکرات پەیەدە و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی تەڤگەری جڤاكی دیموكراتی (تەڤدەم) پێچەوانەی رێككەوتنی رادەستكردنی بە توركیا بوو.
بیگاڵی ئاماژەی بەوەشکردووە، كە تورکیا نیگەرانە لەو بڕیارەی دادگای چیك و بڕیارێكی چاوەڕوان نەكراو بووە.
(٢٥)ی ئەم مانگە ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە لەشاری پراگی پایتەختی چیك دەستگیركرا و توركیاش داوای ڕادەستكردنی دەكرد.