پنتاگۆن وەڵامی تۆمەتەکانی تورکیا دەداتەوە

پنتاگۆن وەڵامی تۆمەتەکانی تورکیا دەداتەوە

جارێكی دیكە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا نیگەرانی وڵاتەكەی لەسەر لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین دەربڕی و وەڵامی تۆمەتەكانی ئەردوگانیشی دایەوە.
لەماوەی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردوگان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمریكای تۆمەتبار كردبوو كە ئاماری درۆ لەسەر كوژرانی خەڵكی سڤیل و ئاوارە بوونیان لەعەفری بڵاودەكاتەوە.
هاوکات رەخنەی لەئەمریكاش گرتبوو كە بۆچی توركیای بەو گرنگییە وەلا ناوەو پشتیوانی لە كوردانی سوریا دەكات.
لە وەڵامی ئەو وتانەی ئەردۆگانیشدا (ئادریان گالۆی) وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، کە ئەوان زۆر لەهێرشی سەر عەفرین نیگەرانن و سوپای توركیا دەبێت بۆ پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل رێكاری یاسایی و نێونەتەوەیی بگرێتە بەر.
وتەبێژی پنتاگۆن داواشی لەهەموو لایەنەكان کردوە كە دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لەشەڕو ناكۆكی زیاتر بپارێزن و گیانی هاووڵاتیان نەخەنە مەترسییەوە.