زانیاری گرینگ سەبارەت بە دڵ

زانیاری گرینگ سەبارەت بە دڵ

دڵ بزوێنەری ژیانە پڕە لە نهێنی و شتی سەرسوڕهێنەر، و گرنگترین پێنوێنی تەندروستییە، كێشی دڵ  250-300 گرامە و بەردەوام 4.5 لیتر خوێن بەنێو جەستەدا هاتووچۆی پێدەكات.

خوێنی خاوێنی پڕ ئۆكسیجێن بە خوێنبەرەكاندا دەنێرێتە زۆربەی بەشەكانی لەش و لە رێگەی خوێن هێنەرەكانیشەوە خوێنی بەكارهاتوو لە زۆربەی  لەشەوە وەردەگرێتەوە تاوەكو رەوانەی سییەكانی بكات بە مەبەستی دەركردنی دی ئۆكسیدی كاربۆن و وەرگرتنەوەی ئۆكسیجێن.

نێوەندی كۆنترۆڵكردن و پێشگیری نەخۆشییەكان (CDC) لە ئەمریكا بە پێی لێکۆلینەوەکان ئامەژە دەکرێ کە چوارلە سەریەكی هەموو حاڵەتەكانی مردن لەو وڵاتە بەهۆی نەخۆشی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن (جەڵتەی دڵ و مێشك بە تایبەت) روودەدەن.

ئەمانە هەندێك راستین لەبارەی ئەو ئەندامە گرنگەی لەش:

1- 100 هەزار كیلۆمەتر بۆری پڕ دەكات:

سەرتاسەری جەستەی مرۆڤ بە درێژایی 100 هەزار كیلۆمەتر خوێنبەر و خوێن هێنەر و بۆریچكە و ملوولەی خوێنی تێدایە و هەمووکات دڵ خوێنیان پێدا رەوانە دەكات

2- دڵیش گوێ لە مۆسیقا دەگرێت!

دڵی مرۆڤ لێدانی خۆی لەگەڵ تۆنی مۆسیقادا دەگونجێنێ. كاتێك گوێ لە مۆسیقایەكی هێمن رادەگریت، لێدانەكانی كەمدەكاتەوە، كەچی لەگەڵ گوێ گرتن لە مۆسیقایەكی خێرای وەك مۆسیقای رۆك، لێدانەكانی زیاد دەكات.

3- دڵی ئاشقان هاوئاهەنگ دەبێت:

توێژینەوەیەك دەڵێت ئەگەر دوو ئاشق بۆ ماوەی سێ خولەك لەیەك بڕوانن، جۆرە هاوئاهەنگی و لێكچوونێك لەنێوان لێدانی دڵیان دروستدەبێت. ئەوەی سەیرە ئەگەر دوو كەسی ئاسایی بۆ یەك بڕوانن ئەو حاڵەتە دروست نابێت. هەروەك حاڵەتەكە لە خانماندا بڵاوترە، واتە دڵی ئەوان زیاتر لەگەڵ دڵی خۆشەویستەكەیان هاوئاهەنگ دەبێت.

4- وزەی گەشتێكی سەر مانگ دەدات:

دڵ رۆژانە وزەیەكی ئەوتۆ دروستدەكات كە ئوتومبێلێك بۆ ماوەی 32 خولەك لێبخوڕێت. واتە ئەگەر كەسێك تەمەنی 71 ساڵ بێت، ئەوا بەدرێژایی تەمەنی، دڵی وزەیەكی ئەوتۆ بەرهەمدێنێت كە دەتوانێت ئوتومبێلێك بۆ مەودایەك پاڵ بنێت، كە بگاتە سەر رووی مانگ و بگەڕێتەوە.

5- كارەبای خۆی هەیە:

دڵمان خۆبەخۆ لێدانی كارەبایی تایبەت بە خۆی دروستدەكات، واتە بێ گوێدانە بەشەكانی دیكەی لەش، ئەو كاری خۆی دەكات، هەموو ئەوەی پێویستی پێیەتی تەنیا هەندێك ئۆكسجینە.

6- تواناكانی خۆی چەند قات زیاد دەكات:

لەگەڵ ئەوەی لەكاتی ئاسایی لە هەر خولەكێكدا پێنج لیتر خوێن بە جەستەدا دەسوڕێنێ، لەكاتی ئەنجامدانی ئەركی قورس لەلایەن خاوەنەكەیەوە دەتوانێت ئەو بڕە زیاد بكات بۆ 20 لیتر.

7- حەزی بە پێكەنینە:

پێكەنینی مرۆڤ گەلێ بەسوودە بۆ دڵی. توێژینەوە نوێیەكان دەڵێن لەكاتی پێكەنیندا دیوارەكانی دڵ خاو دەبنەوە و بەوەش سووڕی خوێن لە هەموو جەستەدا رێكوپێكتر دەبێ.

8- دڵ 2.5 ملیار جار لێدەدات

دڵ بە تێكڕا رۆژانە 100 هەزار جار لێدەدات، بەوەش ساڵانە 36 ملیۆن جار لێدەدات. ئەگەر تەمەنی كەسێك 71 ساڵ بێت، ئەوە لە ماوەیەدا 2.5 ملیار جار لێدەدات