
پەیامی کورد … کتێبێک لە سەر عەمەرخانی شکاک چاپ کرا
کتێبی "عەمەرخانی شكاك لە سەرهەڵدانی سمكۆوە تا كۆماری كوردستان(١٩٠٦-١٩٤٦)" كە كتێبێكی بەڵگەمەندە، ناوەرۆكەكەی مێژووی چل ساڵی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان (١٩٠٦-١٩٤٦)ی لەخۆ گرتووە و بە زمانی كوردی (كورمانجی و سۆرانی)، هەروەها بە زمانی فارسی لە نووسین و لێکۆڵینەوەی محەمەدساڵح قادری چاپ و بڵاو کرایەوە.
پەرتووکی (عەرمەرخانی شکاک، لە سەرهەڵدانی سمکۆوە تا کۆماری کوردستان١٩٠٦-١٩٤٦) بەرهەمی هەوڵدان و توێژینەوە و خوێندنەوەیەکی ورد و دەروەستانەیە بۆ چل ساڵ خەباتی بزووتنەوەی ڕەوای نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەم سێ کتێبە کە بە زمانی کوردی (سۆرانی و کورمانجی) هاوکات وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسیش و بەشی سۆرانی لە دووتوێی ٦٤٠ لاپەڕە و کورمانجییەکەش لە دووتوێی ٤٨٤ لاپەڕە لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردییە و بەشی فارسیش لە دووتوێی ٦٢٤ لاپەڕە و لەلایەن وەشانگەی ئاڤیستا لە ئیستانبۆل لە چاپ دراون و کەوتنە بەر دیدی خوێنەران.
ئەم کتێبە ڕۆچنە و هەوڵێکە بۆ ڕاستکردنەوەی هەندێ ڕووداوی مێژوویی، لە ناوچەیەکی هەستیار و ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (پارێزگای ورمێ و دەوروبەری) کە سەردەمانێک دوژمنان و داگیرکەرانی خاکی نیشتمان هەوڵی دابڕینی خاک و بەلاڕێدابرنی دۆزی ڕەوایان داوە. لەم پەرتووکەدا سیما و کەسێتییەکان و دەورو و کاریگەرییان لە ڕووداوەکاندا بەرجەستە دەبێت، دەتوانین بێژین، ئەم کتێبە پەیامێکی پێیە کە دەڵێت: "مێژوو هی ئەو کەسانەیە کە تێیدا دەورو دەگێڕێن".
گۆڕینی ئەم پەرتووکە لە سۆرانییەوە بۆ کورمانجی لەلایەن "شەهاب خالیدی" هەروەها سەلام ئیسماعیلپوور وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و کاری دیزاینی بەرگ و ناوەوەی (سۆرانی و فارسی) لەلایەن "لوقمان ڕەشیدی"یەوە جێبەجێ کراوە.
کۆمێنتێك بنوسە: