image

پەیامی کورد    ...   ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هۆنەرمەندی پایەبەرزی ڕۆژهەڵات قالەمەڕەی شمشاڵ ژەن بەرز و پیرۆز دەنرخێنین 

١١ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی شمشاڵ ژەن و گەنجینە گەڕۆکەکەی بۆکان قالە مەڕەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام ئاوازی شمشاڵەکەی هەر زیندووە، کە هەمیشە ئاوازەکانی پڕبوون لە ڕەسەنایەتی میوزیکی کوردی و ئاوێتەی چیاو سروشتی کوردستان بووە.یاد و دەنگی شمشاڵەکەی لە ڕۆح و دڵی هەر تاکە کوردێکدا دەمێنێتەوە.

قادر عەبدوڵازادە، ناسراو بە قالەمەڕەی شمشاڵ ژەن، لە زستانی ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی کولیجەی سەر بە شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە.

بە هۆکاری بێدەنگی و ئارام بوونییەوە، لەلایەن شێخ محەمەد شێخی بورھان لە ناوچەی موکریانەوە نازناوی قالە مەڕەی پێدراوە، ئەم هونەرمەندەی باوکی نەبینیووە، هەر لە منداڵی و لە تەمەنی شەش ساڵیدا بووە دایکیشی کۆچی دواییکردووە، ھەر وەک خۆی لە دیدارەکانیدا باسی کردووە، هەموو تەمەنی لە بێ کەسی و کەمدەرامەتی و چەرمەسەرییدا بەسەر بردووە.

قالە مەڕە لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بەدوواوە، لە ناوەندەکانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مەھاباد و ورمێ، چەندین پارچە میوزیکی بە شمشاڵەکی

تۆمارکردووە.

ئەو هونەرمەندە لەگەڵ چەندین هونەرمەند و شاعیری ناوداری کورددا هاوڕێ بووە، لەوانە هونەرمەندی گۆرانبێژ مامۆستا حەسەن زیرەک، هەروەها شاعیرانی پایە بەرزی کورد، هێمن موکریانی و هەژار موکریانی.

لە دوای لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی موحەمەد لە مەهاباد، قالە مەڕە قاچاخ دەبێت و ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات ماوەیەک لە ماڵی عەباس ئاغای سەرکەپکان و ئەحمەد ئاغای کۆیە جێگیردەبێت تا دوای چەند ساڵیک دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە فێستیڤاڵە گەورە و پربایەخەکانی ھونەری میوزیک لە ئێران، قالە مەڕە بە نازناوی "گنج متحرک" ناسراوە، واتە "گەنجینەیەک کە دەگەڕێت"، ئەوە جگە لەوەی لە تەواویی کوردستاندا بە یەکێک لە هونەرمەندە هەر بە ئەزموونەکانی کورد لە قەڵەم دەدرێت، کە هەمیشە ئاوازی شمشاڵەکەی تێکەڵبووە لە سروشتی جوانی چیاکانی کوردستان و گوزارشتێک بووە، لە ڕەسنایەتی میوزیک و کلتور و هونەری کورد.

قالەمەڕە لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەری خۆیدا لە زۆربەی فێستیڤاڵە گرینگەکانی بواری ھونەری موزیک لە ئێران بەشداری کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی میوزیکی فەجر لە تاران، فێستیڤاڵی میوزیکی ناوچەکانی ئێران لە کرمان و لە بۆنە و فێستیڤاڵەکانی سنە، کرماشان ئیلام، ورمێ، مەھاباد، سەقز، بۆکان  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی لە باشووری کوردستان بەشداریکردووە و چەندین خەڵات و شانازی گەورەی بە دەستھێناوە.

ھونەرمەندی میللی و شمشاڵ ژەنی ناوداری کوردستان و ئێران و جیھان "قالەمەڕە"، شەوی پێنجشەممە ٢١-٥-٢٠٠٩، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بە ھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە لە شاری بۆکان کۆچی دواییکرد، تەرمەکەی بە بەشداری ھەزاران کەس لە بۆکان و شارەکانی دیکەی ڕۆژھەلاتی کوردستان، بە پێی وەسیەتی خۆی لە ئامێزی ناڵەشکێنە لە تەنیشت گۆڕی ھونەرمەند حەسەن زیرەک بە خاکسپێردرا.