image


پەیامی کورد ... دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی کرایەوە

 

دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی بە بەشداری زیاتر ٢٠٠ ناوەند و دەزگای بڵاوکردنەوە و چاپەمەنی، لە ١٨ وڵاتی جیاوازەوە کرایەوە.

 

مەروان حەمەخورشید بەڕێوەبەری راگەیاندنی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب ڕایگەیاندووە کە بەدروشمی "کتێب هاوڕێی بەردەوام" پێشانگاکە دەست بەکارەکانی دەکات، کە تێیدا زیاتر ٢٠٠ ناوەند و دەزگای بڵاوکردنەوە و چاپەمەنی، لە ١٨ وڵاتی جیاوازەوە بەشداری دەکەن.

 

راشیگەیاندووە، ئەو کتێبانەی لەپێشانگاکەدا دەفرۆشرێت هەمەڕەنگن و نرخەکانیش ئەگەر هەیە بەپێی رۆژانی پێشانگا گۆڕانکاری بەسەردابێت بەجۆرێک لەگەڵ توانای دارایی میوانان و خوێنەراندا بگونجێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمساڵ جیاواز لەکتێب، لەپێشانگاکەدا هۆڵی دووەم هەیە کە بازاڕی پێشانگایە و یەکەمین جارە لەپێشانگای کتێبدا دەکرێتەوە و تێێیدا کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیەکان بابەت و پێداویستیەکانی رۆژانەی هاوڵاتیان دەفرۆشن و رۆژانە ١٠ خەڵات دەیاری دەکەن، کە لە کۆتا رۆژی پێشانگا دەبێتە ١٠٠ خەڵات و بەشێوەی تیروپشک دابەشدەکرێت.

 

پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب ماوەی ١٠ رۆژ لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بۆ ٦ی ئێوارە لەناوچەی تاسڵوجەی شاری سلێمانی بەردەوام دەبێت.